سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوا دەکات، بەرزبوونەوەی بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار نەکرێتە بیانوو بۆ دروستکردنی دڵڕاوکێ و شڵەژاندنی بازاڕەکان.
ئەمڕۆ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەبارەت بە بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی ڕێکارێکە لە هەندێک وڵاتی ڕووبەڕووبووەوەی قەیرانی ئابووریدا دەگیرێتە بەر، بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بەندە بە توانای حکومەت لەسەر چارەسەرکردنی لێکەوتە نەرێنییەکان، پاراستنی داهاتی هاووڵاتییان و سنوردارکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردەوە، حکومەت لە هەوڵی گرتنەبەری ڕێکار و میکانیزمی ڕووندایە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی داهاتی هاووڵاتییان، توانای کڕینیان و ڕاگرتنی جێگیریی بازاڕ و بەردەوامیی چالاکییە ئابوورییەکان، بە جۆرێک کە هاووڵاتییان باجی ئەم ڕێکارانە نەدەن.
لە کۆتاییدا، نووری مالیکی داوا دەکات، ئەم بڕیارە نەکرێتە بیانوو بۆ دروستکردنی دڵڕاوکێ و تێکدانی کەشوهەواکە، هاوکات جەختی لەسەر گرنگیی خێراکردن لە ڕاگەیاندنی ئەو چارەسەر و ڕێکارانە کردەوە کە داهاتی تاک و ئاستی بژێوی دەپارێزن و سەقامگیریی ئابووری بەهێزتر دەکەن.