ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەو میدیا ئەمریکییانە دەکات کە بڕیاری بایکۆتکردنی گواستنەوەی هەواڵەکانی کۆشکی سپی و سەرۆکی وڵاتیان کردووە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو کەناڵ و میدیایانە دەکەن، کە یاساکانی 'دژە-قۆرخکاریی' فیدراڵییان پێشێل کردووە بەهۆی بڕیارەکەیان بۆ بایکۆتکردنی ڕووماڵکردنی کۆشکی سپی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمەش دوای بڕیارەکەی کۆشکی سپی بۆ سەندنەوەی مۆڵەتی پەیامنێرانی سێ دامەزراوەی هەواڵی وڵاتەکە.

ئەو کەناڵانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بریتین لە ئەی بی سی، سی بی سی، ئێن بی سی و فۆکس نیوز. وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، کە "بایکۆتی بەکۆمەڵ لە نێوان ڕکابەرە بازرگانییەکاندا دەکرێت ببێتە هۆی پێشێلكردنی 'دژە-قۆرخکاریی' (Sherman Act) ". بەشی دژە-قۆرخکاری تەنها لێکۆڵینەوە دەگرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا ئەم ڕێکخراوە هەواڵییانە یاساکانی دژە-قۆرخکارییان پێشێل کردووە یان نا.

ترەمپ پێشووتر چەندین جار ڕاگەیاندنە سەرەکییەکانی بە "هەواڵی ساختە" ناوبردووە و بە بەردەوامی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان تووشی گرژی بووەتەوە، لە 19-9-2026 کۆشکی سپی ڕێگری لە کەناڵەکانی سی ئێن ئێن، پۆلیتیکۆ و ئێم ئێس ناو کرد بچنە ناو باڵەخانەکەوە و مۆڵەتی ڕووماڵکردنیان لێ سەندنەوە، لەبەرامبەردا ئەم دەزگایانە سکاڵای یاساییان لەسەر ئیدارەکە تۆمارکرد.


ئەم ڕێکارانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا و کۆشکی سپی گوشاری یاسایی و دارایی دەخاتە سەر ڕاگەیاندنەکان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ڕووماڵکردنی ترەمپ، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر هاوڕاش نەبن لەگەڵ شێوازی مامەڵەکردنی کۆشکی سپی بەرامبەریان.