پاش سێ ڕۆژ لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی تانجەڕۆ، شارەوانی سلێمانی جەخت دەکاتەوە، کە ئاگرەکە بە ئەنقەست نەبووە بەڵکو بە هۆی هەورە بروسکەوە بووە.
سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئاگرەکە بۆ یەکەم جار ڕۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوو، بەهۆی هەورەبروسکەوە، لە ناوچەکە کەوتەوە و تیمەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوون لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی، تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە کۆنترۆڵ کرا. بەڵام بەهۆی سروشتی پاشماوەکان و گڕی ماوە لە ژێرەوە، جارێکی تر ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە کەوتنەوەی ئاگرەکە بە ئەنقەست دەکەن، شارەوانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، هاووڵاتییانی ناوچەکە شاهیدی ئەو ڕووداوە بوون و بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست نەبووە و هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە بیسەلمێنێت کەسێک ئاگرەکەی کردبێتەوە، بەڵکو هۆکارەکەی پەیوەستە بە ئاگرەکەی پێشوو کە بەهۆی هەورەبروسکەوە دروست بووە.
لە کۆتاییدا شارەوانی سلێمانی داوا دەکات، هەوڵ و ماندووبوونی تیمەکان لەبەرچاو بگیرێت و هەوڵەکان ببێتە هۆی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئاگرەکە و ڕێگرتن لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی.