ترەمپ لە شوێنی گوتەبێژە شۆخ و شەنگەکەی کۆشکی سپی، ئافرەتێکی دیکەی بۆ ئەم پۆستە هەڵبژارد و بە "هەوادارێکی سەرسەخت" وەسفی دەکات.

میدیا ئەمریکییەکان بڵاویان کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ژنێکی هەواداری سەرسەختی خۆی و کۆمارییەکان بە ناوی 'کەیتی زەکەرایە' بۆ پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی هەڵبژاردووە، دوای ئەوەی کارۆلین لیڤیت دەستی لە کارەکەی کێشایەوە.

کەیتی زەکەرایەی 42 ساڵان، ئێستا وەک ڕاوێژکارێکی باڵا بۆ گرووپی میدیا و تەکنەلۆژیای ترەمپ (تروس سۆشیاڵ) کار دەکات و پێشووتر بۆ ماوەیەکی کەم، وەک گوتەبێژ بۆ وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکە کاری کردووە و شرۆڤەکارێکی بەردەوامی کەناڵی فۆکس نیوز و نیوز ماکس بووە.


بە گوتەی ترەمپ، ناوبراو لە کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن یارمەتی ترەمپی داوە لە 7 ویلایەتی وڵاتەکە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ترەمپ لە پۆستێکی دا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ گووتی: "کەیتی زەکەرایە هەوادارێکی سەرسەختی منە."

دەستنیشانکردنی کەیتی زەکەرایە بۆ پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی دوای ئەوەی دێت، ماوەیەک لەمەوبەر کارۆلین لیڤیت دوای منداڵبوونی و بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەی، پۆستەکەی جێهێشت و دواتر وەک شرۆڤەکار لە کەناڵی فۆکس نیوز دەستنیشان کرا.