دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق توانی لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە شاری بەغدا بە ئەنجام بدات، کە تێیدا دوو بەرپرسی پێشووی حکومی لە دەستی گرووابێکی چەکداری مەترسیدار ڕزگار بکات.

ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، لەم ئۆپەراسیۆنەدا پشت بە زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی بەسترابوو، هێزە ئەمنییەکان توانیان هەشت تۆمەتباری مەترسیدار کە لە تاوانی ڕفاندن و چەندین کاری نیاساییدا تێوەگلاون، دەستگیر بکەن و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکەن.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی پشکنینی شوێنی دەستبەسەرکردنی ڕفێنراوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێک چەک، تەقەمەنی و بەڵگەنامەی ساختەدا گرت، کە دەگەڕانەوە بۆ گروپێکی چەکداریی دەرچوو لە یاسا.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە سەرجەم دەستگیرکراوەکان مێژوویەکی تاوانکاریی پێشوویان هەبووە و ئەمەش گورزێکی کوشندە بوو لەو باندە تاوانکارییانەی کە دەیانویست ئارامیی بەغدا تێک بدەن.