شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێشبینییەکانی گۆڕانکاری لە کەشوهەوای ناوچەکە بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو ئاشکرا کران.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاسمانی ناوچەکە لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران لە سنوورەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە کاتەکانی شەوی یەکشەممە و دوای نیوەشەویش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا بارانبارین دەست پێ دەکات، پلەکانی گەرماش لە شارە سەرەکییەکان لە نێوان 27 بۆ 31 پلەی سیلیزی و لە گەرمیانیش لە دەوروبەری 35 پلە دەمێننەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاوی کردەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین و تۆزوخۆڵ چەند ناوچەیەکی وڵات دەگرێتەوە، بە شێوەیەک لە ناوچە شاخاوییەکان و ڕۆژئاوای ناوچەکانی ناوەڕاست بارانی مامناوەند دەبارێت و هەورەبرووسکە تۆمار دەکرێت.

دەستەی کەشناسیی عێراق ڕوونیشی کردەوە، لەگەڵ چالاکبوونی با لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا، هۆشداری دەدرێت کە بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی تۆزوخۆڵی کاتییەوە، مەودای بینین لە کاتی بارانباریندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی، لە سەرانسەری عێراق لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا بارانبارینی پچڕپچڕ لە بەشەکانی باکوور و ناوەڕاست بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، بۆ ڕۆژی یەکشەممەش بەرزترین پلەی گەرما لە بەسڕە دەگاتە 41 پلەی سیلیزی، لە کاتێکدا لە بەغدا، بابل و کەربەلا 36 پلە دەبێت و لە پارێزگاکانی هەولێر، نەینەوا، کەرکووک و دهۆکیش لە نێوان 29 بۆ 33 پلە دەبێت.

ئەم ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، هۆکارەکەی بۆ هاتنی یەکەمین شەپۆلە وەرزییەکانی پاییز بۆ سەر ناوچەکە دەگەڕێتەوە، هاوکات کاریگەریی ئەم شەپۆلە ناوچەکانی دەوروبەریشی گرتووەتەوە.