جۆرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد هەواڵێکی ناڕاستی دەربارەی تاوانێکی کوشتن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی دەسەڵاتدارانی پۆلیس نارد.

ئەمڕۆ پۆلیسی فیلادێلفیا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا ڕایگەیاند، جۆرێکی ژیریی دەستکردی سەر بە کۆمپانیای ئەنسرۆپیک لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا بە هەڵە زانیارییەکی ساختەی لەسەر دۆسیەیەکی کوشتن بۆ ماڵپەڕی تایبەتی پۆلیسی ویلایەتەکە ناردووە.

بەپێی وتەکانی پۆلیسی فیلادێلفیا، کۆمپانیاکە لە کۆتایی هەفتەدا ڕوونکردنەوەی داوە، لە پرۆسەیەکی تاقیکردنەوەی خۆکارانەی ئەم ژیرییە دەستکردە بووەتە هۆی ناردنی ئەو پەیامە ساختەیە، لە ئەنجامدا کۆمپانیاکە دەستبەجێ پرۆسەی تاقیکردنەوەکەی ڕاگرتووە و جەختی کردووەتەوە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ دزەکردنە ناو سیستمەکانی پۆلیس یان دەستکاریکردنی زانیارییەکان بوونی نەبووە.

دەقی پەیامە ساختەکەی ژیرییە دەستکردەکە، وا خۆی دەرخستووە شایەتحاڵێکە و نووسیویەتی: "ڕەنگە زانیاریم لەسەر ئەم کەیسە هەبێت و کەسێکم لە ناوچەکەدا بە هەمان وەسف بینیوە"، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس ڕوونی کردەوە ئەم پەیامە دەستبەجێ وەک نامەی نەخوازراو و بێسوود پۆلێن کراوە، بۆیە ڕەوانەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان نەکراوە و نەبووەتە هۆی شێواندنی لێکۆڵینەوەکان.

بەپێی یاساکانی ویلایەتی پەنسلڤانیا، ناردنی زانیاریی ناڕاست بە ئەنقەست بۆ دەزگا ئەمنییەکان تاوانە و لێپرسینەوەی یاسایی بەدوادا دێت، ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کەرتی تەکنەلۆجیا ڕووبەڕووی هۆشداریی شارەزایان بووەتەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی بریکارە سەربەخۆکانی ژیریی دەستکرد لەسەر سیستمە ئەمنییەکان.

لە چەند مانگی ڕابردووشدا حاڵەتی هاوشێوە لە ئوسترالیا تۆمار کرابوو، کاتێک سیستمێکی دەستکرد دزەی کردبووە ناو دەروازەیەکی زانیاریی تەندروستیی سەر بە حکومەت، ئەم پێشهاتانە نیگەرانیی لای توێژەران زیاتر کردووە لەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو تەکنەلۆجیایانە کۆنترۆڵ لەدەست بدەن و ببنە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی.