پۆلیسی بەغدا باوک، برا، مام و ئامۆزای گەنجێکی دەستگیر کرد کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو، بەهۆی دەستکاریکردنی شوێنی ڕووداوەکە تاوەکو وای پێشان بدەن کە ڕووداوەکە کوشتن بووە نەک خۆکوژی.

 

ئەمڕۆ ماڵپه‌ڕی شه‌فه‌ق نیوز له‌ زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، بەشی پۆلیسی نەهرەوان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا لە ڕووداوێکی گوماناوی لە گوندی شاخاتی ناحیەی وەحدە ئاگادار کرایەوە. تیمی ئەمنی پاش گەیشتنی بۆ شوێنی ڕووداوەکە لە ژوورێکی نێو زەوییەکی کشتوکاڵیدا لە بەرامبەر کۆمپانیا چینییەکە، گەنجەکەیان دۆزییەوە کە فیشەک بە سەریەوە بووە.

 

به‌پێی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌، پۆلیس بەهۆی بوونی گومان لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە و نەمانی چەکەکە لە شوێنەکەدا، دەستبەجێ باوک، برا، مام و ئامۆزای گەنجەکەی بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کرد. لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەستگیرکراوان دانپێدانانیان کرد کە گەنجەکە پاش تۆمارکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە مۆبایلەکەیدا بە دەمانچەی باوکی تەقەی لە خۆی کردووە.

 

تۆمەتباران دانیان بەوەشدا نا کە دەمانچەکەیان لە دەستی دەرهێناوە و شوێنەکەیان دەستکاری کردووە تاوەکو هێزە ئەمنییەکان وا تێبگەیەنن کە تاوانی کوشتن ئەنجام دراوە. پۆلیسی نەهرەوان دەستی بەسەر دەمانچە بەکارهاتووەکەدا گرت و هەر چوار کەسەکە بە فەرمانی دادوەر ڕەوانەی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوان کران بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاسایییەکان.