لەگەڵ نزیکبوونەویە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئێران لەسەر سنوور دەستی بە ئامادەکاریی ڕووبەڕووبوونەوە کرد.

ئەمڕۆ شەممە ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری عەلی جەهانشاهی، فەرماندەی سوپای زەمینی ئێران بڵاویکردەوە، ئێران زیاتر لە 50 یەکەی سەربازی لەسەر سنووری باکووری ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا، باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵات جێگیرکردووە.

عەلی جەهانشاهی ئاماژەی بەوە کرد، هێزی زەمینی ئێران دوای جەنگی 12 ڕۆژەی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28-2-2026، پێداچوونەوەی بە پلانە ئۆپراسیۆنییەکانی خۆیدا کردووە، یەکە سەربازییەکانی ڕێکخستووەتەوە و دەستی بە بەکارهێنانی چەکی نوێی وردپێک و تۆڕبەستراو، مەشق و ڕاهێنان کردووە.

بەگوتەی ئەم فەرماندەی سوپای ئێران، ئامانج و پێشینەی هێزەکانیان کەمکردنەوەی لەدەستدانی سەرباز، ڕێگریکردن لە زیان گەیشتن بە کەلوپەلە سەربازییەکان و ئامادەباشی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانە، ئەمەش لە ڕێگەی تونێل و خەندەق لێدان، دروستکردنی شوێنی هەڵدانی مووشەک و بەرگریکردن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی زانیاری میدیا ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان، لە هەفتەی ڕابردووەوە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ ئاگادارکراونەتەوە، خۆیان بۆ ئەگەری جەنگ ئامادە دەکەن، کە پێشبینی دەکرێت بەر لە دەستپێکی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنێکی فراوان دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، میدیا ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بە جەختکردنەوەی بەرپرسانی وڵاتەکە لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردووە، کە ئەمجارە ئیسرائیل تەنانەت بەبێ هەماهەنگی ئەمریکاش بریاری لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران داوە.