هۆشداری لە دروستبوونەوەی تووندڕەوی دژ بە کورد و پێکهاتەکانی ڕۆژئاڤا دەدرێت، هاوکات دوای یارمەتی لە رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان دەکرێت.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هۆشداری لە بەهەدەرچوونی ئەو قوربانییانەدا، کە هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەیەی ڕابردوو لە باکووری رۆژەهەڵاتی سووریا لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش و تووندڕەویدا پێشەکەشیان کردووە، ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی و گۆڕانی پێشینەکانی هاوپەیمانی.


فەرهاد شامی لە درێژەی پۆستەکەیدا گووتی: "ئەو دیمەنانەی حەسەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، کە تێیدا خۆپیشاندان لە ژێر پاراستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا و حکومەتی دیمەشق بەڕێوەچوو، دیمەنە نیگەرانكەرەكانی سەردەمی داعش دەهێننەوە یاد و نیگەرانییەکی جددی سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی تووندڕەوی دروست دەکەن.

بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە داوای یارمەتی لە رێکخراوە نێودەڵەتییەکان دەکات، سەرنجییان بخەنە سەر دۆخی کورد، مەسیحی و کۆمەڵگەکانی دیکەی ناوچەکە، کە ئێستا تووشی هەڕەشەی بەردەوام دەبنەوە و دەبنە قوربانی پشتگوێخستنی ئەم رێکخراوانە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی دوای نوێژی نیوەڕۆ دانیشتووانی گەڕەکەکانی تل حەجەر و غوێران لە شاری حەسەکە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و داوای چەسپاندنی دەسەڵاتی دیمەشقیان کرد. خۆپێشاندانەکە گرژیی تێکەوت کاتێک بەشداربووان هەوڵیان دا بچنە نێو گەڕەکە کوردنشینەکانەوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕێگرییان لێ کردن و دوای دوو کاتژمێر گرژییەکان کۆتایییان پێ هات.


شەوی پێنجشەممەی ڕابردووش شاری حەسەکە لە گەڕەکی موفتی و دەوروبەری مەیدانی حەمامە شاهیدی پێکدادانی توند بوو لە نێوان گەنجانی کورد و هێزە ئەمنییەکان، کە بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین هاووڵاتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.