کاندیدێکی باڵی چەپ لە ئەمریکای باشوور بە ناوی 'هیتلەر موسۆلینی سیمیۆن فلۆریس'، بە بەدەستهێنانی نزیکەی 230 دەنگ توانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی لە ناوچەیەکی شاخاویدا مسۆگەر بکات.

ئەمڕۆ نووسینگەی نیشتمانیی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پیرۆ ڕایگەیاند، هیتلەر موسۆلینی سیمیۆن فلۆریس، کاندیدێکی پارتی باڵی چەپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی گوندی کیرۆپالکا لە ناوچەی هوانوکۆ لە زنجیرەچیاکانی ئەندێز سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم نووسینگەیە لە کۆی 663 دەنگدەری تۆمارکراو لەو گوندەدا، کاندیدی ڕەوتی چەپڕەوی ئاهۆرا ناسیۆن توانی بە کۆکردنەوەی 229 دەنگ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی (گاسپار ئۆسۆریۆ)ـدا بهێنێت کە 204 دەنگی بەدەستهێنابوو.

کاندیدە براوەکە، خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوەیە و تەمەنی 45 ساڵە، بڕیارە لە 1ی کانوونی دووەمی 2027 بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکار بێت، ناوی ناوبراو ئاوێتەی ناوی ئەدۆلف هیتلەری سەرکردەی نازییەکانی ئەڵمانیا و بینیتۆ موسۆلینی سەرکردەی فاشیستی ئیتاڵیایە، کە دوو کەسایەتیی دیاری جەنگی جیهانیی دووەم بوون لە ئەوروپادا.

لە چەندین ناوچەی لادێیی ئەمریکای باشوور، ناونانی منداڵان بە ناوی سەرکردە مێژووییەکانی وەک هیتلەر، لێنین، ستالین و ماو دیاردەیەکی باوە، زۆربەی خێزانەکان بەبێ ئاگاداربوون لە بیروباوەڕ یان مێژووی خوێناویی ئەو سەرکردانە ئەو ناوانە هەڵدەبژێرن، هەروەها پەنا بۆ ناوی ئەستێرە ناودارەکانی وەرزش و هونەریش دەبەن.