پارت و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بە ئاشکرا خۆیان لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بێبەری دەکەن، لە کاتێکدا سەرجەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر لە مانگێکە ئاگاداری بڕیارەکە بوون و بە فەرمی پەسەندیان کردووە.
ئهمڕۆ ڕۆژنامەی 'ئەلعەرەبی ئەلجەدید' لە ڕاپۆرتێکی بەدواداچووندا بڵاویکردەوە، کاردانەوەی تووندی شەقام بەرامبەر گرانکردنی فەرمی دۆلار لە 1,320 بۆ 1,520 دینار، هێزە سیاسییەکانی ناچار کردووە ڕاگەیەندراوی ناڕەزایەتی دەربکەن بۆ خۆپاراستن لە تووڕەییی دەنگدەرەکانیان.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، عهلی زەیدی کێشەی نەختینە و کورتهێنانی 50 تریلیۆن دیناریی بودجەی خستووەتە بەردەم سەرکردەی هاوپەیمانێتییەکان و هەمووان بە کۆدەنگی ڕازی بوون بەوەی جیاوازیی نرخی دۆلار بۆ دابینکردنی مووچەی 14 ملیۆن مووچەخۆر بەکار بهێنرێت.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێدا ڕاستییەکانی درکاند و ڕایگەیاند کە بڕیاری گۆڕینی نرخی دۆلار بە هیچ شێوەیەک پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان پێشوەختە پشتیوانییان لێ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، حزبی دەعوەی ئیسلامی نیگەرانی خۆی لە دابەزینی بەهای دینار دەربڕیوە، لە کاتێکدا چاودێران ئەم هەڵوێستانە وەک 'دووڕوویی و هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی' وەسف دەکەن، چونکە حزبە دەسەڵاتدارەکان خۆیان دەنگیان بۆ ئەم نەشتەرگەرییە دارایییە داوە.
ڕائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق ڕایگەیاندووه، عەلی زەیدی بە تەنیا ئەم بڕیارەی نەداوە، بەڵکو بە هەماهەنگی تەواوی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە کە ئێستا دەیانەوێت پێگەی جەماوەریی خۆیان بپارێزن.
شارەزایانی ئابووری داوا دەکەن لە جیاتی بریندارکردنی بژێویی خەڵک لە ڕێگەی دۆلارەوە، حکومەت خەرجیی سێ سەرۆکایەتییەکە، هەزاران مووچەخۆری وەهمی (فەزایی) و پاسەوان و ئیمتیازاتی بەرپرسان کەم بکاتەوە.
بڕیاری نوێی دۆلار نرخەکەی بە ڕێژەی 15% بەرز کردووەتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی توندی هەڵئاوسان و گرانی ڕوو لە بازاڕەکانی بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان بکات.