ئۆپەراسیۆنی سەربازیی 'فەجری یەمەن' پێی نایە پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە و هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی باشوور کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی بابولمەندەب و دوورگەی ستراتیژیی میۆنیان لە چەکدارانی حوسی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا پێگەکانی خۆیان لە بەرزایییە دەسەڵاتدارەکانی سەر ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی قایم کرد، هاوکات شەڕ و پێکدادان لە گوندەوارەکانی باشوور و ڕۆژئاوای پارێزگای تەعیز بەردەوامە.
عەقیدی ڕوکن ماجد نوزیلی، گوتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنی 'فەجری یەمەن'دا 1,729 هێرش بۆ سەر پێگەکانی حوسی ئەنجام دراون کە بوونەتە هۆی کوژرانی 1,370 چەکدار و تێکشکاندنی 300 ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازی.
لەلایەکی دیکەوە، عەیدەروس زوبەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشوور باس لهوه دهكات، هێزەکانی عەمالیقە دەستیان بەسەر ناوچەکانی موزاریبە، بابولمەندەب و دوورگەی میۆندا گرتووەتەوە و ژمارەیەک چەکداری حوسیشیان بە دیل گرتووە.
لە میانی شەڕەکاندا، ژمارەیەک فەرماندەی باڵای هێزەکانی باشوور گیانیان لەدەست دا، لەوانە عەقید مەعاز عەلی ساڵح فەرماندەی لیوای 16ی عەمالیقە و موقەدەم خالید حەموود ئەلحود جێگری فەرماندەی فریاکەوتنی زالیع.
هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە پارێزگای تەعیز دا بەهۆی فراوانبوونی شەڕ، داخرانی ڕێگە سەرەکییەکان و ئاوارەبوونی بەردەوامی هاووڵاتییانی سڤیل.
بەدەستهێنانەوەی کۆنتڕۆڵی تەواوەتی گەرووی بابولمەندەب هاوکێشەی هێز لە دەریای سووردا دەگۆڕێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە نیگەرانی و ناڕوونی لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەردەوامی هەیە.