پارێزگاری حەسەکە لە پەیامێکی بەپەلەدا بۆ هاووڵاتییان و خۆپێشاندەران داوای دانبەخۆداگرتنی کرد و هۆشداری دا لەوەی تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی خزمەت بە داواکارییەکان ناکات و وڵات بەرەو پشێوی دەبات.

 

ئەمڕۆ نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، دەربڕینی ڕا و داواکردنی مافەکان مافێکی ڕەوایە و یاسا زامنی کردووە، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەیەکی ئاشتییانەدا بمێنێتەوە و سەرنج لەسەر داوا ڕاستەقینەکان لانەبرێت.

 

نورەدین ئەحمەد بە تایبەتی ڕووی پەیامەکەی ئاراستەی گەنجان کرد و داوای لێ کردن ژیرانە مامەڵە بکەن، چونکە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان برا و ڕۆڵەی خۆیانن و ئەرکیان پاراستنی هاووڵاتییان و دامەزراوە نیشتمانییەکانە.

 

پارێزگار هۆشداریی توندی دا لەوەی هیچ لایەنێک هەست و سۆزی گەنجان بۆ پشێوی نەقۆزێتەوە و داوای تەبایی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا کرد تا ڕێگە لە هەڵگیرسانی توندوتیژی بگرن.

 

ئەم پەیامەی پارێزگار دوای ئەوە هات کە دوای نوێژی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دانیشتووانی گەڕەکەکانی تل حەجەر و غوێران لە شاری حەسەکە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و داوای چەسپاندنی دەسەڵاتی دیمەشقیان کرد.

 

خۆپێشاندانەکە گرژیی تێکەوت کاتێک بەشداربووان هەوڵیان دا بچنە نێو گەڕەکە کوردنشینەکانەوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕێگرییان لێ کردن و دوای دوو کاتژمێر گرژییەکان کۆتایییان پێ هات.

 

شەوی ڕابردووش شاری حەسەکە لە گەڕەکی موفتی و دەوروبەری مەیدانی حەمامە شاهیدی پێکدادانی توند بوو لە نێوان گەنجانی کورد و هێزە ئەمنییەکان، کە بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین هاووڵاتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.