وەزارەتی پەروەردەی سووریا لە هەنگاوێکی فەرمیدا بۆ جێبەجێکردنی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان، دوو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وانەی زمانی کوردی لە پارێزگای حەلەب دەستنیشان کرد.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پرۆگرامە پەروەردەییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا بە واژۆی د. عیسمەتوڵڵا ڕەمەزان، هەریەک لە مەنان ناسر جەعفەر و عەبدولسەلام حوسێن حوسێن بۆ ئەم ئەرکە ڕاسپێردراون.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پێشبڕکێی دیاریکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە دراوە، بە مەبەستی ڕێکخستن و دابەشکردنی مامۆستایان بەسەر ئەو قوتابخانانەی کە وانەکەیان تێدا دەخوێندرێت.
هەردوو سەرپەرشتیارەکە لە فەرمانبەرانی پۆلی یەکەمن لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای حەلەب و سەرپەرشتیی میلاک و میتۆدی وانەوتنەوەی زمانی کوردی دەکەن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026ی سەرۆکایەتی سووریادایە، کە تێیدا زمانی کوردی وەک بابەتێکی نیشتمانی بژاردە لە ناوچە کوردنشینەکان و ئەو شوێنانەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردیان تێدایە، دەخرێتە نێو پرۆگرامی فەرمی خوێندنەوە.
