بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی هەر کەس و لایەنێک دەبنەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە دەستکاریی نرخی کاڵاکان بکات یان شتومەک لە کۆگاکاندا قۆرخ بکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی بەغدا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ 00152,0 دینار، سەرجەم لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ ڕاسپێردراون چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچییەک نەکەن.
بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان)دا بە بەڕێوەبەرایەتییەکە دراوە، سێ جۆر سزای توند بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت کە بریتین لە سزای دارایی، داخستنی شوێنکار و ڕەوانەکردنی دۆسیەکان بۆ دادگا.
سزای دارایی لە 50 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو پێنج ملیۆن دینار؛ سزای داخستنی شوێن لە 3 ڕۆژەوە دەست پێدەکات تاوەکو 10 ڕۆژ؛ هەروەها سزای یاساییش بریتی دەبێت لە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و ڕاپێچکردنی سەرپێچیکار بۆ دادگا.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕوونی کردەوە کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچیدا، سزاکان قورستر دەبن؛ ئەگەر فرۆشگەیەک بە 500 هەزار دینار سزا درابێت و بەردەوام بێت لە گرانی، دەستبەجێ دادەخرێت و ئەگەر شوێنێک دوای داخستن دووبارە نرخ گران بکاتەوە، بێ ئاگادارکردنەوە دەدرێتە دادگا.
نەوزاد شێخ کامیل جەختی کردەوە کە چاودێریکردنی بازاڕ تەنیا بە لیژنەکان ناکرێت و داوای لە هاووڵاتییان کرد سێ ڕێکار بگرنە بەر: بایکۆتی کڕینی ئەو کاڵایانە بکەن کە گران کراون، خۆیان لە کڕینی زۆر و ناپێویستی شتومەک بەدوور بگرن بۆ ئەوەی خواست زیاد نەکات و دەستبەجێ لیژنەکان لە هەر گرانکردنێک ئاگادار بکەنەوە.
ئەم ڕێکارە توندانەی کەرتی بازرگانی لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی نرخی فرۆشتنی دۆلاری بە هاووڵاتییان لە 00132,0 دینارەوە بۆ 00152,0 دینار بەرز کردەوە، ئەوەش شڵەژانی لە بازاڕی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکاندا دروست کردووە.