لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک لەسەر شەقامی 60 مەتریی شاری کەلار، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان بە سەختی بریندار بوو.
ئهمڕۆ ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە لە نزیک بازاڕی کۆنەفرۆشان (مەزادخانەکە) لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتج و ماتۆڕسکیلێکی دووتایەدا ڕووی داوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆ، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا لێخوڕی ماتۆڕسکیلەکە کە لەدایکبووی ساڵی 2006ە بریندار بووە.
بریندارەکە دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.
تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە.