شارەوانی یەکی هەولێر بە هاوکاریی پۆلیس هەڵمەتی ڕێکخستنەوەی بازاڕەکانی لە ڕۆژانی هەینیدا دەست پێكرد و ئامانجی هەڵمەتەکە ڕێگریکردنە لە زێدەڕۆیی بۆ سەر شەقام و شۆستەکان و نەهێشتنی ئاستەنگی هاتوچۆ.

 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ئامانجی هەڵمەتەکە ڕێگریکردن نییە لە چینی کاسبکار، بەڵکو مەبەست لێی ڕێکخستنەوەی شوێنەکانیانە تاوەکو ڕێگری لە هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلەکان نەکرێت.

 

شارەوانی ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ڕێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازاڕەکانی سەنتەری شار لە ڕۆژانی هەینیدا دەست پێ کردووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەڵمەتەکە هەموو ڕۆژانی هەینی بەڕێوە دەچێت و چەندین بازاڕی سەرەکی دەگرێتەوە، لەوانە بازاڕی پارکی شار، شێخەڵڵا، پردی سەیداوە و بازاڕی شێخ مستەفا ناسراو بە بازاڕی سورچییان.

 

شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە لە پێناو نەهێشتنی ئاستەنگی هاتوچۆ و ڕێگریکردنە لە زێدەڕۆیی بۆ سەر شەقام و شۆستە گشتییەکان لە سەنتەری پایتەختدا.

 

هاوکات، ڕێکخستنەوەی ئەم بازاڕانە بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و پاکوخاوێنییە، لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ فرۆشیاران بە شێوەیەک کە دۆخی گشتی و بژێویی کاسبکاران لەبەرچاو بگیرێت.