شەپۆلێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دروستبوونی گەواڵەهەور و تاوەبارانی پچڕپچڕ، کاریگەرییەکەی لە کاتەکانی ئەمشەودا لاواز بێت و لە بەرەبەیانی سبەی شەممەدا کەش ئاسایی بێتەوە.

 

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئەمڕۆ هەینی 9ی 10ی 2026 ئاسمان لە زۆربەی کاتەکاندا نیمچەهەور دەبێت و لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ ئەگەری بروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن.

 

کەشناسی هەرێم ڕوونی کردەوە کە لە کاتەکانی ئەمشەودا کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکان لاواز دەبێت، خێراییی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا و مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتر دەمێنێتەوە.

 

سەبارەت بە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ، لە هەولێر 30 پلە، سلێمانی 28، دهۆک 29، زاخۆ 30، هەڵەبجە 31، چەمچەماڵ 31، سۆران 30، ئاکرێ 30، پیرمام 28، گەرمیان 36 و حاجی ئۆمەران 21 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.

 

بۆ کەشوهەوای سبەی شەممە 10ی 10ی 2026، کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا بێت، با بە خێراییی 10 بۆ 20 کم/ک بەردەوام دەبێت، و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە، بە جۆرێک لە هەولێر دەگاتە 31 پلە، سلێمانی 30، گەرمیان 37 و حاجی ئۆمەران 22 پلە.

 

هاوکات لە ڕاپۆرتی تۆمارکراوی نزمترین پلەکانی گەرمادا، حاجی ئۆمەران بە 10 پلە و بامەرنێ بە 12 پلەی سیلیزی نزمترین پلەیان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا لە چۆمان و ئامێدی 13 پلە، و لە پارێزگاکانی سلێمانی 18 و دهۆک 17 پلە تۆمار کراوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ماردین شێخ سەلام زڵزڵەیی شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، چەندین گەواڵەهەور دروست بوون و بەرەو ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی هەرێم بەڕێوەن بە ئاراستەی هەولێر، کەرکووک، ئیدارەی سۆران و ئیدارەی ڕاپەڕین.

 

ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونی کردەوە، لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش چەندین گەواڵەهەوری گەورە دروست بوون و پێشبینی دەکرێت بەرەو سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بێن و لە هەندێک کاتدا هەورەبروسکەیان لەگەڵدا دەبێت.

 

شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسی جەختی کردەوە کە ئەم شەپۆلە بە گشتی لاوازە، بەڵام بۆ ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کەش سەقامگیر دەبێت پێش ئەوەی لە نێوان 12 بۆ 17ی مانگدا دوو شەپۆلی دیکەی بارانبارین ناوچەکە بگرنەوە کە دووەمیان بەهێزتر دەبێت.

 

شاڵاو هیدایەت سەبارەت بە بارانی پەڵە ئاشکرای کرد، لە هەفتەی کۆتاییی ئەم مانگە تا هەفتەی سەرەتای مانگی داهاتوو بارانی پەڵە تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە، و پاش 15ی مانگیش شەپۆلێکی نوێی دابەزینی پلەکانی گەرما دەست پێ دەکات.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی شارەزای کەشناسی ڕایگەیاندووه‌، سەرەتای بارانبارینەکە لە ڕۆژئاوای هەرێم لە دهۆک و زاخۆوە دەستی پێ کردووە و پاشان ناوچە شاخاوییەکانی گرتووەتەوە و جۆری بارانەکەش لە نێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند و بەخوڕ دەبێت پێش ئەوەی لە بەرەبەیانی شەممەدا کۆتایی بێت.

 

ئه‌و شاره‌زایه‌ی كه‌شناسی لە کۆتاییی پێشبینییەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلەی سیلیزی دادەبەزن و خێرایی با بە شێوەیەکی مامناوەند دەبێت.