ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی هۆشداری دەدات لەوەی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بارگرانی گەورە لەسەر بژێویی هاووڵاتییان و دۆخی بازرگانان دروست دەکات و داوا دەکات حەواڵەی پێشوەختەی بازرگانان بە نرخی 132,000 دینار ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق دەربڕی بۆ گرانکردنی دۆلار لە 132,000 دینارەوە بۆ 152,000 دینار.
بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گرانبوونی ڕاستەوخۆی سەرجەم کاڵا و شمەکە هاوردەکراوەکان و تێچووی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا کراوە کە ڕێکارێکی تایبەت بۆ ئەو بازرگانانە دابین بکرێت کە پێش دەرچوونی بڕیارەکە کاڵایان کڕیوە بەڵام مامەڵە بانکی و حەواڵەکانیان تەواو نەبووە.
ژووری بازرگانی سلێمانی داوا دەکات حەواڵەی ئەو بازرگانانە بە نرخی پێشووی دۆلار واتە 132,000 دینار بۆ هەر دۆلارێک جێبەجێ بکرێت تاوەکو تووشی زیانی دارایی گەورە نەبن.
دووپاتی دەکاتەوە کە لە ڕێگەی سەرجەم کەناڵە فەرمییەکانەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە کە باری سەر شانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە و کەرتی بازرگانی ناوخۆش بپارێزێت.
ئەم هەڵوێستەی ژووری بازرگانی پاش ئەوە دێت کە بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی فرۆشتنی دۆلاری لە 132,000 دینارەوە بۆ 152,000دینار بەرز کردەوە، ئەوەش شڵەژانێکی گەورەی لە سەرجەم بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دروست کرد.