وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبه‌شدا كه‌مبوونه‌وه‌ی پێدانی كاره‌بایان لە کاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی ڕاگه‌یاند.

 

ئەمڕۆ هەردوو وەزارەتی كاره‌با و سامانه‌ سروشتییه‌كان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویانکردەوە، هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆسەی چاکسازییە لەلایەن کۆمپانیای داناگازەوە، کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌، لە ئەنجامی کارەکانی چاکسازییەکەدا، هەناردەی گازی سروشتی لە 520 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا دادەبەزێت، کە دەکاتە کەمبوونەوەی لەسەدا پەنجای کۆی گشتیی هەناردەکە.

 

هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تاوەکو کەمترین کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دروست بێت.

 

هاوکات، ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەمبوونەوەی گازی سروشتی هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی گازی شلی ماڵان (LPG) دروست ناکات و دابەشکردنی وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

 

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی وەرزیی چاکسازیی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کۆرمۆردایە لە پێناو پاراستنی سەلامەتی کێڵگەکان و ئامادەکاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە وەرزی زستاندا.