لە سەر ڕاسپاردەی سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 11 گەنجی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین کە لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردبوو، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
ئهمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک لە گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین، دەستبەجێ بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەستی پێکرد.
دوای ئەوەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر 33 گەنج دۆزرانەوە و گەڕێندرانەوە، زانیاری لە سەر گیرۆدەبوونی 14 گەنجی دیکە لە لیبیا گەیشتە دەست لایەنە پەیوەندیدارەکان.
تیمەکانی حکومەت توانییان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ لەو گەنجانە بگەڕێننەوە، و بەرەبەیانی ئەمڕۆش 11 گەنجەکەی دیکە بە یاوەریی سەلیم پاشا، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەیشتنەوە ههرێمی كوردستان.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەند و کارمەندانی پەیوەندیدار پێشوازییان لە کۆچبەرە گەڕاوەکان کرد.
پاش ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەری پزیشکی پێویست لە لایەن تیمە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانەوە، سەرجەم گەنجەکان لە لایەن تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆوە بە سەلامەتی ڕادەستی خێزانەکانیان کرانەوە.
لە ئێستادا هەوڵە چڕەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سۆراغ و دۆزینەوەی چارەنووسی 10 گەنجی دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین لە وڵاتی لیبیا بەردەوامە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بەهۆی ئەو ڕێکارە یاسایی و ئەمنییانەی لە ماوەی ڕابردوودا گیرانە بەر، ڕێژەی کۆچی نایاسایی لە هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کارکردن بۆ بنبڕکردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بەردەوام دەبێت.