وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لابردنی باج لەسەر هێلکە و مریشکی هاوردە دەربڕی و داوای پێداچوونەوەی بەپەلەی کرد.

 

ئەمڕۆ بێگەرد تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بەهۆی پلانە کشتوکاڵییەکانەوە کەرتی پەلەوەر گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی، بۆیە لابردنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە کەرتی ناوخۆیی دەخنکێنێت و دەیان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 59 پڕۆژەی هێلکەی مێز، ساڵانە زیاتر لە 4.8 ملیار هێلکە بەرهەم دەهێنرێت لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆ تەنیا 1.8 ملیارە.

 

هاوکات زیاتر لە 2,100 پڕۆژەی مریشکی گۆشت ساڵانە سەرووی 450 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی هەرێم تەنیا 150 هەزار تۆنە.

 

وەزیری کشتوکاڵ ڕوونی کردەوە، ئەم بەرهەمە زۆرەی ناوخۆ نەک تەنیا بەشی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵکو دەتوانێت تەواوی پێداویستی پارێزگاکانی عێراقیش پڕ بکاتەوە.

 

بێگەرد تاڵەبانی لە دوو نامەی فەرمیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە لە جیاتی ئەم بڕیارە، هاوکاریی دابینکەرانی ئالیک و کێڵگەکان بکات و ڕێگری لە گەیشتنی بەرهەمی زیادەی هەرێم بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق نەکات.

 

ئەم بڕیارەی بەغدا لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گرانبوونی خۆراک پاش بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، بڕیاری دابوو باج و گومرگ لەسەر هێلکە، مریشک و گۆشتی سووری هاوردەکراو هەڵبگرێت.