بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا هۆکارەکانی کوژانەوەی ڕۆژانەی کارەبای هەندێک لە ماڵانی خستە ڕوو و جەختی لەسەر چەند خاڵێک کردەوە تاوەکو هاوڵاتییان تووشی بڕینی کارەبا نەبن.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، کوژانەوەی کارەبا پەیوەستە بە 4 حاڵەتی سەرەکییەوە؛ حاڵەتی یەکەم دوای دەرچوونی پسوولەی مانگانە و تێپەڕبوونی 50 ڕۆژ بەسەر دابەزینی لە سیستەمی "ئیندراو" و "ئی پسوولە"، ئەگەر هاوبەشەکە پارە نەدات کارەباکەی دەکوژێتەوە. دوای دانی پارەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارەباکە هەڵدەبێتەوە، لە حاڵەتی هەڵنەبوونەوەشی پێویستە پەیوەندی بە ژمارە 1992ەوە بکرێت تاوەکو بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سیستەمەوە یان لەلایەن تیمی تایبەتەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت.
حاڵەتی دووەم: ئەو هاوبەشانەی پێوەری زیرەکیان هەیە و لینک نەکراوە، تیمێکی تایبەت سەردانیان دەکات؛ ئەگەر هاوبەشەکە لە ماڵ نەبوو پسوولەی ئاگاداریی پێ دەدرێت و پێویستە پەیوەندی بە ژمارە 1992ەوە بکات تاوەکو زانیارییەکان تۆمار بکرێن و لە کاتی سەردانی تیمەکاندا هاوکارییان بڕەخسێنن.
حاڵەتی سێیەم: ئەو شوێنانەی کارەبایان هەیە بەڵام بە فەرمی هاوبەشیی کارەبایان نەکردووەتەوە، کارەباکەیان دەکوژێتەوە تا ئەو کاتەی بە فەرمی مامەڵەی هاوبەشی تەواو دەکەن.
حاڵەتی چوارەم: ئەو شوێنانەی پێوەری زیرەکیان بۆ کراوە و تێکەڵبوون لەگەڵ ماڵی دراوسێیەکەیان، دوای سەردانیکردن کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت و کارەبایان هەڵدەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون لە قەرزی کۆن، وەرگرتنی کارەبا دەکرێت بە قیستی مانگانە، هەروەها ماوەی 50 ڕۆژی پارەدانی مانگانەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام ڕۆژانە تا کاتژمێر 12ی شەو تیمی تایبەت ئامادەیە بۆ هەڵکردنەوەی کارەبای ئەو ماڵانەی نەتوانراوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا هەڵبکرێنەوە.