لە چوارچێوەی بەردەوامیی کۆبوونەوە و گفتوگۆکان دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2027، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم، دۆسیەی نەوت و داهاتی باج و گومرگ قووڵتر بوونەتەوە، هاوکات شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیانە سەردانی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ دیلان غەفور، ئەندامی لێژنەی داراییی لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای میوانداریکردنی فالح ساری، وەزیری داراییی عێراق لە لێژنەکەیان، ڕوون بووەتەوە کە هەردوو حکومەت لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و ماف و شایستەکانی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
دیلان غەفور ڕوونیکردەوە، هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی لە بودجەدا 14.14% بێت لەسەر بنەمای ئەنجامی دوا سەرژمێریی گشتی، بەڵام حکومەتی فیدراڵی پشکەکەی بۆ 12.7% کەم کردووەتەوە بە پاساوی دەرکردنی ئاوارە، نیشتەجێبووان و بیانییە ڕەگەزنامەپێدراوەکان لە ئاماری دانیشتووان.
ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی لەوە کرد، ناکۆکییەکان دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆشیان گرتووەتەوە، بەغدا داوای ڕادەستکردنی ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوت دەکات، بەڵام هەرێم داوا دەکات بڕەکە لە نێوان 250 تا 280 هەزار بەرمیل بێت بەپێی ڕێککەوتنە پێشووەکان.
سەبارەت بە داهاتی باج و گومرگیش دیلان غەفور ئەوەشی خستەڕوو، کە حکومەتی فیدراڵی بە پشتیوانیی تەفسیرێکی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە داهاتی سیادیی دەزانێت و داوای گەڕاندنەوەی بۆ بەغدا دەکات، لە کاتێکدا هەرێم بە داهاتی ناسیادی و ناوخۆییی دەزانێت.
لە بەرامبەر ئەم ناکۆکییانەدا، بڕیارە سبەی ڕۆژی چوارشەممە شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.
شاندەکە پێکهاتووە؛ لە سەرۆک و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
ئەم ململانێیە لە کاتێکدایە، کە پشکی هەرێم لە پێش ساڵی 2018دا 17% بوو، پاشان لە ساڵانی 2019 تا 2025 بۆ 12.67% کەم کرایەوە.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2025 بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستەمی خەرجیی ڕاستەقینەوە، بەغدا بەکرداری تەنیا 3.31%ی کۆی بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێم ناردووە.