مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت لە قۆناغی ئێستادا پێویستییەکی دەستوری و نیشتمانییە، و دەشڵێت، هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت ببێتە هۆی پەکخستنی دامەزراوەکانی هەرێم.
لە دەستپێکی ڕاگەیەندراوەکەیدا، مونا قەهوەچی هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم بە هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە کارکردنی بەردوامی دامەزراوە دەستورییەکان وەسف کردووە.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم قۆناغە هەستیارە تەنها بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەیە کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمان دەکەن، بۆیە دەبێت ببێتە یەکێک لە ئەولەویەتە سەرەکییەکان.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیدا، ناوبراو داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە، لە ڕێگەی گفتوگۆ و رێککەوتنی سیاسییەوە، زەمینە خۆش بکەن بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یاسایی و کارا ئەرکەکانیان بەڕێوە ببەن.
مونا قەهوەچی جەخت لەوەش دەکاتەوە کە "قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو بە مێژوویەکی درێژی خەبات، قوربانی و خوێنی شەهیدان بنیاد نراوە، بۆیە پاراستن و بەهێزکردنی ئەم قەوارەیە بە مانای پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و مسۆگەرکردنی داهاتووی نەوەکان دێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان هۆشداری دەدات لەوەی کە هیچ ناکۆکییەک نابێتە هۆی دواکەوتنی کارکردنی دامەزراوەکان، و دووپاتی دەکاتەوە: "کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا، حکومەتێکی کارامە و یەکڕیزیی سیاسی هەیە، و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی مێژوویی هەموومانە."