لە وەڵامی داواکاریی لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراقدا، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن مۆڵەتی بۆ بەکارهێنەرای کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی درێژ کردەوە بۆ ئەوەی کاتی پێویست بخرێتە بەردەست بەکارهێنەران بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان.
کەمێک لەمەوبەر دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان مۆڵەتەکەی درێژ کردەوە، داوا لەو بەکارهێنەران دەکات، کە ژمارەکانیان بۆ وەرگرتنی کۆدی سەلماندن و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان بەکار دەهێنن، ژمارەیەکی سەر بە کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی بۆ ئەو بەرنامە و سەکۆیانە زیاد بکەن کە ڕێگە بە زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە بەکارهێنەران ژمارەی باوەڕپێکراوی هەژمارەکانیان نوێ بکەنەوە، لەگەڵ پاراستنی سیمکارتی کۆڕەک و دەستبەردارنەبوون لێی ئەگەر گونجاو بوو، هاوکات ڕێنمایی هاووڵاتییان دەکرێت کە ڕێگەی بەدیل وەک پۆستی ئەلیکترۆنی و بەرنامەکانی سەلماندن کارا بکەن.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دەدرێت، کە 1ی تشرینی دووەمی 2026 کۆتا وادەیە و دوای ئەوە ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنییەکان بۆ کوژاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک جێبەجێ دەکرێن، بۆیە نابێت بەکارهێنەران ڕێکارەکانیان بۆ ڕۆژانی کۆتایی دوا بخەن.
لە کۆتاییدا دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق جەخت دەکاتەوە، ئەم ڕێکارانە بە مانای داواکردن لە بەکارهێنەران بۆ لەناوبردن یان فڕێدانی سیمکارتەکانی کۆڕەک نایەت، بەڵکو تەنیا بۆ پاراستنی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیانە لەگەڵ پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەران و دەوڵەت بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.