وەزارەتی دارایی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی لە دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2027دا دیاریکرد.

 

کەمێک لەمەوبەر عەلی ڕەئووف، نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری داوە لە کۆی 400 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست لە تەواوی عێراق، 63 هەزار گرێبەستی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027دا بکرێن بە هەمیشەیی.

 

عەلی ڕەئووف ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا هەرێمی کوردستان ئازادە لەوەی هەر گرێبەستێکی وەزارەتەکان بکاتە هەمیشەیی.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی ڕەئوف ڕوونیکردەوە، بە هەمان شێوە بڕیار دراوە لە کۆی 150 هەزار دەرچووی دانەمەزراوی عێراق، 12 بۆ 14 هەزار دەرچووی دانەمەزراوی هەرێمی کوردستان بکرێنە گرێبەست.

 

بەپێی ئامارەکان، لە ئێستادا 30 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی هەرێمی کوردستان لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق مووچە وەردەگرن، هاوکات 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن.