لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەمان لە عێراق، ئیسرائیل پلانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق و بە ئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکان داڕشتووە.

ڕۆژنامەی ئیرەم نیوزی ئیماڕاتی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی وڵاتانی ڕۆژئاواوە ئاشكرای کرد، ئیدارەی حکومەتی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە تا ئاسمانی عێراق کۆنترۆڵ بکات و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بکاتە ئامانج.

بەپێی تێگەیشتنەکانی نێوان هەردوولا، کارگێڕیی ئەمریکا بە تەواوی ئاگاداری پیلانەکان و بەرنامەکانی ئیسرائیل بووە کە ئامانجیان پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکە بۆ جێگیرکردنی گرووپەکان، لەگەڵ پابەندبوونی واشنتن بە بەهێزکردنی سیستەمە بەرگرییەکانی بۆ پاراستنی هێزەکانی و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، هەروەها دروستکردنی تۆڕێکی پێشوەختەی پاراستنی ناوچەیی بۆ پێشبینیکردنی کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە و شەپۆلێکی بەرفراوانی گرژی کە ڕەنگە دەستبەجێ دوای یەکەم لێدانی پەرەپێدەر لە فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سەرهەڵبدات.

ئەم ڕێکارە نوێیانە دوای ئەوە دێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر رۆژنامەی 'جەی فید' لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاشكرای کرد، هێزی سەربازی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد چەند پلانێکی سەربازی و ئۆپەراسیۆنییان بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگا و شوێنی عەمبارکردنی چەکی میلیشاکانی سەر بە ئێران لە عێراق داڕشتووە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو کە گەورەترین ترس لە ناوەندەکانی پلاندانانی سەربازی لە تەلئەڤیڤ، لە دەرئەنجامی لۆجستیی ڕاستەوخۆی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکادا خۆی دەبینێتەوە، چونکە دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە کشانەوەی واشنتن ڕێگەیەکی وشکانیی ڕاستەوخۆ و هەستیاری کردووەتەوە، کە تێیدا تاران لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە بە بەیروتی پایتەخی لوبنان دەبەستێتەوە.


لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەم ڕێڕەوە وشکانییە بە "هیلالی شیعە" ناسراوە، کە بەشێوەیەکی چالاک و چڕ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو، مووشەکی بالیستیی وردپێک و درۆنی درێژ مەودا، پشتگیریی دارایی و لۆجستیی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێندرێت، کە ئاراستەی دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی گرووپەکان و بەرە پشتیوانییە ناوچەییەکان دەکرێت.