ئەو تاوانبارەی کە دەبوویە یەکەم ئافرەت لە ویلایەتی تێنیسی دوای 200 ساڵ لەسێدارە بدرێت، لە پڕۆسەی لەسێدارەدانەکە بە زیندوویی مایەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
کەناڵی 'سی بێ ئێس'ـی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ویلایەتی تێنێسی ئاشكرای کرد، دوێنێ چوارشەممە بەرپرسان دوو جار بڕێک مادەی پێنتۆباربیتال (Pentobarbital)ـیان بە 'کریستە پایک'ـی 50 ساڵان دا، کە کاریگەرییەکی ئارامکەر و خەوێنەری هەیە، بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی هەست و هۆشیاری لە هەندێک بارودۆخی پزیشکیدا، بەڵام ناوبراو بۆ ماوەی 40 خولەک لە هەناسەدان بەردەوام بوو و هۆشیاری لەدەست نەدابوو.
لەکاتی لەسێدارەدانەکە ئاگادارییەک بۆ چوونەدەرەوەی ئەو میدیایانە دەرکرا، کە وەک شایەتحاڵ لە ژوورەوە بوون، دواتر پارێزەرانی تاوانبارەکە و دادگای ناوچەیی فیدراڵی ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی تێنیسی، داوایەکی بەپەلەیان بەرزکردەوە تا پڕۆسەی لە سێدارەدانەکە ڕابگیرێت.
بەگوێرەی داواکارەییەکە، 'کریستە پایک' هۆشیاری لەدەست نەداوە و هێشتا دڵی لێدەدەدات، تەنانەت گوێیان لە پرخەی بووە. بەپێی زانیاری بەرپرسانی ویلایەتەکە، ئێستا ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
'کریستە پایک' لە ساڵی 1995 لە تەمەنی 18 ساڵی دا بە تۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەدانی قوتابییەکی هاوڕێی بە ناوی 'کۆڵین سلێمەر' سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. ناوبراو لە ڕێگەی بۆکس کەتەر (کەتەر مووس) شەش جار گەرووی قوربانییەکەی بڕی بوو، لێی دابوو و مادەی ئاسفاڵت (قیڕ)ـی بەسەر سەریدا ڕژاندبوو. هەفتەیەک لەمەوبەر دادگا سەرجەم داواکارییەکانی ناوبراو و پارێزەرەکانی بۆ جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە ڕەت کردەوە و رێککەوتی 30-9-2026 بۆ لەسێدارەدان دیاری کرا.
ئەگەر بێت و 'کریستە پایک' لەسێدارە درابایە، دەبوویە یەکەمین ئافرەت دوای 200 ساڵ لە ویلایەتی تێنێسی ئەو بڕیارەی بەسەردا جێبەجێ کرابایە. بەگوێرەی زانیاری پێگەی هەواڵی تێنێسییەن، دوایین ئافرەت کە لەم ویلایەتە لە سێدارە درابێت، ئافرەتێکی ڕەشپێستی "کۆیلکە" بوو لە ساڵی 1819.