گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بە بەشداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

کەمێکی تر لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەرگای حەوتەمین پێشانگای تەکنەلۆژیای هایتێکس دەکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت سەردانیکەرانی ئەم پێشانگایە بگاتە نزیکەی 50 هەزار کەس.

لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردندا، مستەفا سەنەد، وەزیری گواستنەوەی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا ئامادە دەبن، هەروەها بڕیارە وەزیری گواستنەوەی عێراق لەگەڵ ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی پرسە هاوبەشەکان لەم پێشانگایەدا کۆ ببێتەوە.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەم پێشانگایە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و 150 کۆمپانیا لە نزیکەی 15 وڵاتەوە تێیدا بەشدار دەبن، لە بەشە جیاوازەکاندا داهێنانی نوێی وەک ڕۆبۆتی مرۆڤئاسا، درۆنی ئاگرکوژێنەوە و درۆنی پووچەڵکردنەوەی مین نمایش دەکرێن.

هەر لەم پێشانگایەدا، لە چوارچێوەی هەوڵکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارازانی بۆ  پاڵپشتی کردنی گەنجان بەرەو پێشبردنیان لە هەموو بوارێکدا، زۆنێکی تایبەت بۆ پاڵپشتی کردنی نزیکەی 30 پڕۆژەی بچووک و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان دابین دەکرێت.

پێشانگای نێودەوڵەتیی هایتێکس، لە ڕیزبەندی شەشەمین گەورەترین پێشانگاکانی تەکنەلۆژیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم چالاکییە بۆ حەوتەمین ساڵ لەسەر یەک بەڕێوە دەچێت و وەک ناوەندێکی سەرەکیی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە ناوچەکە دادەنرێت.