لە شاری هەولێر پڕۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوی قورس بە تێچووی نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار و بە هاوکاریی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی جێبەجێ دەکرێت.

 

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە نزیک گوندی عارەب کەند لەلایەن کۆمپانیای ئیتۆچوی ژاپۆنییەوە دەستی پێکردووە و کارەکانی بەردەوامییان دەبێت.

 

به‌ گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 3 ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم کارەکانی چاککردنەوە و بەردەوامی لەخۆ دەگرێت. وێستگەکە توانای هەیە لە ڕۆژێکدا چارەسەری 52,500 مەتر سێجا لە ئاوی قورس بکات، ئەمەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی زیانە ژینگەیییەکان لە سنووری پارێزگاکەدا.

 

ئەم پڕۆژە ژینگەیییە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخانی شاری هەولێر دادەنرێت کە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و کەرتی کشتوکاڵ دروست دەکرێت.