ئیسرائیل بەرێوەبەری رێکخراوێکی مرۆیی تورکی لە غەززە کوشت، هێزی بەرگری ئیسرائیلیش بە "تیرۆرست" وەسفی دەکات.
میدیا تورکییەکان بڵاوییان کردەوە، سەقر ئەل قەیسی، بەڕێوەبەر و رێکخەری رێکخراوی مرۆیی 'دێنیز فێنێری'ـی تورکی لە پارێزگای دێر بەلەح لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دا کوژرا.
بەپێی زانیاری میدیا تورکییەکان، ئەو بەڕێوەبەرە تورکە لە کەرتی غەززە وەک خۆبەخش خەریکی کردەوەی خێرخوازی بووە، هاتووچۆی لە نێوان کەمپە ئاوارەبووەکان بۆ ناردنی دەرمان دەکرد و خواردنی بۆ فەڵەستینییەکان دەگواستەوە. بەگوتەی سەرچاوە تەندروستییەکانی فەڵەستین، جگە لە سەقر ئەل قەیسی، زیاتر لە 10 کەسی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکە بریندار بوون، بەشێکیشیان برینەکانیان سەختە.
لەلای خۆیەوە، هێزی بەرگری ئیسرائیل سەقر ئەل قەیسی بە "تیرۆرست" وەسف کردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبراو خۆی وەک بەشێک لە رێکخراوێکی خێرخوازی ناساندووە، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس و تورکیا هەبووە، ئەوە جگە لەوەی پەیوەندی بە هێرشە تیرۆرستییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەریش هەبووە.
لەم دوایانەدا هێزی بەرگری ئیسرائیل دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ناو و وێنەی 170 کەسی کوژراوی لە غەززە بڵاوکردەوە، کە گوایە خۆیان بە ڕۆژنامەنووس لە قەڵەم داوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەندامانی گرووپە "تیرۆرستییەکان"ـی وەک بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین بوون.