تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی گەیاندە بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە (5ی تشرینی یەکەمی 2026) بەفەرمی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.
وەزارەتی دارایی ئابووری ڕایگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەدا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی داراییی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی ئابی 2026، ڕادەستی لایەنی پەیوەندیداری وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، بە ئامانجی ئەنجامدانی وردبینی و خێراکردنی پرۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردن و ناردنی تەمویلی مووچە، بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، چاوەڕوان ناکرێت لەم هەفتەیەدا پارەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕەوانەی هەرێم بکرێت؛ ئەمەش بەهۆی تەواو نەبوونی سەرجەم ڕێکارەکان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا و پێویستبوونی کات بۆ کۆکردنەوەی پارەی تەمویلکراو، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا پارەی مووچە بنێررێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کاتێک کە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاری خۆی بۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، ڕاستەوخۆ رۆژی دواتر دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.