کۆشکی سپی بە وردی چاودێریی گومانی سەرهەڵدانی پەتای تاعوون لە ناوچەی سێبێریای ڕووسیا دەکات، ئەمەش دوای گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تاقیگەیەکی بایۆلۆجی و کەرەنتینکردنی نزیکەی 200 کەس.
ئەمڕۆ پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی واشنتنەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا چاودێریی ڕەوشی تەندروستیی پارێزگای ئیرکۆتسک لە ڕووسیا دەکات، پاش ئەوەی کارمەندێکی تەمەن 28 ساڵی پەیمانگەی دژە تاعوون بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییهكان، داریا شیپیلۆڤا لە کاتی کارکردن لە تاقیگەکەدا تووشی بەکتریای مەترسیداری تاعوون بووە و بەهۆیەوە 5 نەخۆشخانە ڕێکاری خۆپارێزییان تێدا جێبەجێ کراوە و 197 کەس لە بەرکەوتووانی خراونەتە ژێر چاودێریی پزیشکی.
لە بەرامبەردا، دەستەی فیدراڵیی چاودێریی تەندروستیی ڕووسیا بڵاوبوونەوەی پەتای تاعوونی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، پشکنینەکان دەریانخستووە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی تەنیا هەوکردنێکی نادیاری سییەکان بووە و ڕەوشی ناوچەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
تاعوونی سییەکان کوشندەترین جۆری پەتای تاعوونە کە لە ڕێگەی هەناسە و پژمینەوە لە نێوان مرۆڤەکاندا دەگوازرێتەوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا لە ڕێگەی دەرمانی دژەزیندەیییەوە لە قۆناغی سەرەتاییدا چارەسەر دەکرێت.
پەتای تاعوون وەک یەکێک لە کوشندەترین کارەساتە تەندروستییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەناسرێت کە لە ڕێگەی سێ شەپۆلی گەورەوە ملیۆنان کەسی کردە قوربانی. یەکەم شەپۆلی ئەم نهخۆشییه لە ساڵی 541ی زاینیدا بە ناوی تاعوونی یوستینیان سهریههڵدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 25 تا 50 ملیۆن کەس.
دواتر لە سەدەی چواردهمدا و لە نێوان ساڵانی 1346 تا 1353، شەپۆلی دووەم بە ناوی 'مەرگی ڕەش' بڵاوبووەوە و زیاتر لە 75 تا 200 ملیۆن کەسی لەناوبرد. لە کۆتاییشدا و لە ساڵی 1855دا، شەپۆلی سێیەم لە چین و هیندستان سەریهەڵدا و بوە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 12 ملیۆن کەس، تا ئەوەی لە کۆتایی هەمان سەدەدا هۆکاری بڵاوبوونەوەی بەکتریای نەخۆشییەکە دۆزرایەوە.