لە وتارێکی ڕەخنەئامێزدا، کارزان سەباح هەورامی بێدەنگی بەشێک لە نووسەرانی سلێمانی لە بەرامبەر تێکدانی گۆیژە دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا هەڵمەتێکی چه‌واشه‌كارانه‌ بۆ دهۆک بەڕێوە دەچێت.

 

ده‌قی وتاره‌كه‌ی کارزان سەباح هەورامی

 

سەیرە و جێگەی سەرنجە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە هەندێک کەس، کە خۆیان وەک نووسەر و ڕۆشنبیری سلێمانی دەناسێنن، دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی میدیایی و نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بڕینی دارستان لە سنووری پارێزگای دهۆکدا دەردەبڕن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ لایەنێکی فەرمی ڕوونکردنەوەی لەو بارەیەوە نەداوە و ڕاستی و دروستیی ئەو ڤیدیۆیانەش نادیارە کە ئایا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون یان لە وڵاتێکی دیکە.

 

بەپێچەوانەی ئەم هەڵمەتە دروستکراوانەوە، ئەوەی لە هەموو بەڵگەیەک ئاشکراتر بوو و بە کوالێتیی بەرز (Full HD) تۆمار کرا، بڕین و لەناوبردنی بەکۆمەڵی دار و دارستانی چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە بوو لەپێش چاوی هەموو ئەو بەناو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی سلێمانی، کە کەسیان نەیوێرا تەنانەت یەک ڕستەش لەسەر تێکدانی سروشتی شارەکەیان بڵێت.

 

تەنانەت ئەو حزبەی سلێمانی کە گوایە بۆ کاروباری ژینگەپارێزی دامەزراوە (بەڵام بە پشتیوانیی حزبی دەسەڵاتدار لەو شارەدا کار دەکات)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پشتیوانی لەو وێرانکارییە کرد و وەک کارێکی ئاسایی ناوی برد، کەچی ئێستا بۆ بڕینی دارەکانی دهۆک فرمێسکی تەمساحی دەڕێژن، کە ڕەنگە ئەمەیان تەنیا سیناریۆیەک بێت.

 

بێجگە لە لەناوبردنی دارستانی ئەزمەڕ و گۆیژە بە مەبەستی پرۆژەی نیشتەجێبوون، لە تاسڵوجەوە تاکوو ناو شاری سلێمانی پێشتر پڕ بوو لە دارستانی سنەوبەر و دیمەنی سەوزایی جوان، کەچی بە پلانێکی حزبی سەرجەمیان سووتێنران و دواتر کرانە پڕۆژەی بازرگانی. لەو کاتەشدا هیچ کەسێک نەیوێرا دەنگ هەڵببڕێت و بەرامبەر بەو کارەساتە ژینگەییە بوەستێتەوە، کەچی ئێستا کەسانی بەناو ڕۆشنبیر هاتوون و باس لە دڵسۆزی و کوردایەتی دەکەن.