سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە هاتە دەنگ و داوای لێپرسینەوە دەکات.

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانیی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لێژنەیەک دا بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی 'سەروەری عێراق'، لە کاتی ڕێپێوان سووکایەتییان بە ئاڵای ئەمریکا کرد.

سەباح نەعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە عەلی زەیدی بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوانە دەکات و جەخت لە پابەندبوون بە یاسا دەکاتەوە، داواش دەکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە "پێشێلکاران" بگیرێتەبەر، هاوکات ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لێژنەکە بەزووترین کات پێشکەش بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی 'سەروەری عێراق' بەشێک لە هێزەکانی حەشدی لەکاتی ڕێپێوان ئاڵای ئەمریکایان لە سەر زەوی راخست و سووکایەتییان پێکرد. لەبەرامبەردا جۆ ویلسن، نوێنه‌ری كۆمارییه‌كانی ئه‌مریكا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەی ڕێپێوانەکەی بڵاوکردەوە بە عەلی زەیدی گوت: "پێویستت بە هیچ بەڵگەیەکی دیکە هەیە کە عێراق پارێزگایەکە لە ئێران؟ تۆ ئاوا لە ئەمریکا دەڕوانی؟ عێراق لە ژێر دەستی ئێران ڕزگار بکە."