لە کەرکووک بەرپرسێکی باڵای پەروەردە گەڕانەوەی زیاتر لە دوو هەزار قوتابی لە پۆلە عەرەبییەکانەوە بۆ کەرتی خوێندنی کوردی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە میانەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا ڕایگەیاند، کەرتی خوێندنی کوردی لە شارەکە لە قۆناغێکی گەشەسەندندایە و تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا 2 هەزار و 250 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە نێو پۆلە کوردییەکان.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی ڕابردوو هەزار و 200 قوتابی و ئەمساڵیش تا ئێستا هەزار و 50 قوتابی ئەم گواستنەوەیەیان ئەنجام داوە، کامەران عەلی هۆکاری ئەم لێشاوەی بۆ پێشەنگبوونی قوتابییانی کورد لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و کەرکووک گەڕاندەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووکدا، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ناوەندەکان و ئاشکرای کرد 562 قوتابخانە و باخچەی ساوایان بە زمانی کوردی لە کەرکووک چالاکن و زیاتر لە 104 هەزار قوتابی لەلایەن 8 هەزار و 200 مامۆستاوە پێشوازییان لێ کراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دابینکردنی ملیۆنێک و 200 هەزار پەڕتووک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هۆکاری مانەوە و بەهێزیی پرۆسەکە بووە، هاوکات ڕەخنەی لە پەراوێزخستنی ئەم کەرتە لە دوای ساڵی 2017ـەوە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاکەوە گرت و داوای دابینکردنی شایستە و مافی مامۆستایانی لە هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێر کرد.

پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە سەرانسەری عێراق بەهۆی تەواوکردنی ئامادەکارییەکانەوە دوای 10 ڕۆژ دواکەوتن دەستی پێ کرد، زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی لە 124 هەزار قوتابخانەدا ڕوویان لە پۆلەکانیان کردەوە و پرۆسەی خوێندنیان دەست پێ کردووە.