لە هەرێمی کوردستاندا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە 70 کەس لە چەم و ڕووبارەکاندا خنکاون، لە کاتێکدا بەرپرسانی فریاگوزاری بەردەوام هۆشدارییان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاکوو ئێستا 77 کەس لە ئاوی ڕووبار و چەمەکاندا خنکاون و تەرمی 76 کەسیان دۆزراوەتەوە، تەنیا تەرمی یەکێک لە قوربانییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیاندا نەدۆزراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامن.
دابەشبوونی حاڵەتەکانی خنکان بەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیەیە: پارێزگای هەولێر بە 21 حاڵەت لە پێشەنگی ڕووداوەکاندایە و بەدوای ئەویشدا سۆران بە 13 حاڵەت، زاخۆ بە 11 حاڵەت، سلێمانی بە 9 حاڵەت، دهۆک بە 7 حاڵەت، ڕاپەڕین بە 5 حاڵەت، گەرمیان بە 5 حاڵەت و ئاکرێ بە یەک حاڵەت دێن.
هۆکاری زۆربوونی قوربانییەکانی ئەم ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو کە دەبنە هۆی تیژڕەویی توندی چەمەکان، ئەمەش لە کاتی مەلەکردندا توانای مرۆڤ دادەبەزێنێت، هەروەها ساردیی زۆری ئاوەکەش دەبێتە هۆی گرژبوونی لەناکاوی ماسولکەکان.
هاوکات، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە قوربانییەکان مەلەوانی لێهاتوو بوون، بەڵام بێباکیی هاووڵاتییان و مەلەکردن لە پشت تابلۆ هۆشدارییەکان هۆکاری خنکانیان بووە، لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خنکاوەکان گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
لە بەراوردێکدا لەگەڵ ساڵی پێشوو، لە تەواوی ساڵی ڕابردوودا 68 ڕووداوی خنکان لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کرابوون، بەڵام هاتنی سەدان هەزار گەشتیار بۆ سەر ڕووبارەکانی وەک زێی گەورە، زێی بچووک، خابوور و سیروان بۆ خۆپاراستن لە گەرمای هاوین، بووە هۆی هەڵکشانی ئامارەکانی ئەم ساڵ و تێپەڕاندنی ئاماری ساڵی ڕابردوو.