بەهۆی پەرەسەندنی مەترسییە سەربازییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز، وڵاتانی هەناردەکاری نەوت پەنایان بۆ شێوازێکی نوێی گواستنەوە بردووە لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی کەشتی بۆ کەشتی لە دەریای عوماندا.

ئەمڕۆ ناوەندەکانی چاودێریی کەشتیوانی و داتاکانی کپلەر و بلومبێرگ بڵاویان کردەوە، کەشتییە نەوتهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەوانەی بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەڕۆن، نەوتی خاوی وڵاتانی وەک عێراق و ئیمارات لە ناوچەی فەجیرەی سەر بە دەریای عومان وەردەگرن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم دوو دامەزراوەیە، کەشتیی زەبەلاحی کۆسپێرڵ لەیک پاش وەرگرتنی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی کەشتی بۆ کەشتی بەرەو بەندەری دالیانی چین بەڕێ کەوتووە، بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئاوەکانی کەنداوەوە.

کۆمپانیا گەورەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کەرتی لۆجستیی سەر بە ئادنۆکی ئیماراتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوێت، بە کەشتیی تایبەت پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە بەندەرە ناوخۆیییەکانەوە بۆ دەریای عومان بەڕێوە دەبەن، زۆربەی ئەم کەشتییە گواستەرەوانە بە کوژاندنەوەی سیستەمی ناسینەوەی شوێن لە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.

یەکێک لەم کەشتییانە بە ناوی مۆمباسا بی، لە مانگی تەممووزدا لە کاتی تێپەڕین بە مووشەک کرایە ئامانج و کارمەندێکی گیانی لە دەست دا، سەرەڕای ئەوەش لە گواستنەوەی نەوت نەوەستا، لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتە دەریایییەکانی ئێران چاودێریی ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕانە دەکەن و تا ئێستا زیاتر لە 70 کەشتییان خستووەتە لیستی ڕەشەوە بە بیانووی سەرپێچیکردن لە ڕێکارەکانی تاران.

هاوکات، نەوتی عێراقیش بووەتە بەشێک لەم ئاڵوگۆڕە نوێیە، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی بەسرە لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە نزیکەی 2.6 ملیۆن بەرمیل و کڕیارانی نێودەوڵەتی دەتوانن نەوتەکە لە دەرەوەی گەرووی هورمز وەربگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆ دەریایییەکانەوە بۆ کەمتر لە 500 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

گەرووی هورمز، گرنگترین ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، ڕۆژانە بەشێکی بەرچاوی وزەی نێودەوڵەتی پێیدا تێ دەپەڕێت، لە کاتی هەڕەشە سەربازییەکاندا پەنابردن بۆ گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی دەبێتە تاقە بژاردە بۆ ڕێگریکردن لە پچڕانی نەوت لە بازاڕەکاندا.