لە مێژووی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتێکی ناوچەکە توانی سیخوڕێکی نهێنی بە ناسنامەیەکی ساختەوە لە ناو سوپای ئیسرائیلدا جێگیر بکات.

ئەمڕۆ سەرچاوە فەرمییەکانی میسر لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ئەوقافدا بڵاویان کردەوە، وردەکاریی چیرۆکی عەمرو مستەفا تەڵبە، ناسراو بە "سیخوڕی 1001" ئاشکرا کرا، ئەم سیخوڕە لەدایکبووی ساڵی 1947ی شاری قاهیرە و خوێندکاری ئەندازیاری بوو.

عەمرو مستەفا، پاش جەنگی 1967 لەلایەن هەواڵگریی گشتیی میسرەوە دەستنیشان کرا تا جێگەی گەنجێکی جوولەکەی کۆچکردوو بە ناوی مۆشێ زیکی ڕافی بگرێتەوە، بەهۆی لێکچوونی زۆری ڕووخساریان و بەبێ ئەوەی مردنی ئەو گەنجە ئاشکرا بێت.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم سیخوڕە سەرەتا ڕەوانەی ئەرجەنتین کرا، دواتر لەوێوە وەک پەنابەرێکی جوولەکە گەیشتە تەلئەڤیڤ و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکاندا پێشوازیی لێ کرا، پاش فێربوونی زمان و بەدەستهێنانی متمانە، چووە ناو سوپای ئیسرائیل و دەستی کرد بە ناردنی زانیاریی هەستیار لەسەر هێڵی بارلێڤ، دابەشبوونی هێزەکان و کۆگاکانی چەک، ئەمەش هاوکارییەکی بێوێنەی بە پلانی هێرشی میسر لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 بەخشی.

لە ڕۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 1973 و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگەکە، فەرمانی کشانەوەی بەپەلە بۆ ئەم سیخوڕە دەرچوو لەبەر مەترسیی تۆپباران، بەڵام ڕەتیکردەوە شوێنەکەی بەجێ بهێڵێت تا بتوانێت شوێنی ئامانجەکان بە ئامێری بێتەل بۆ میسر بنێرێت.

لە ئەنجامدا بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە میسرییەکانەوە لە سەنگەرەکەیدا گیانی لە دەست دا، پاش کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، تەرمەکەی بە جلوبەرگی سەربازیی ئیسرائیلییەوە دۆزراوە و بە ئاڵای میسر پێچراوە و لە قاهیرە بەخاک سپێردرا، دواتریش پلەکەی بۆ ڕائید بەرز کرایەوە.

جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973، کە بە جەنگی یۆم کیپور یان جەنگی ڕەمەزانیش ناسراوە، لە 6ی ئۆکتۆبەری 1973 میسر و سووریا بە هێرشێکی هاوبەش دژی ئیسرائیل دەستیان پێ کرد، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی بەشێک لە خاکەکانیان کە لە جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967دا، لەلایەن ئیسرائیلەوە گیرا بوو.

جەنگەکە نزیکەی 3 هەفتە بەردەوام بوو و لە 25ی ئۆکتۆبەر بە ئاگربەست کۆتایی هات، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بە شێوەیەکی دیاریکراو پشتگیری لە هاوپەیمانەکانی خۆیان کرد، هەروەها جەنگەکە بووە هۆی قەیرانی نەوتی 1973، چونکە هەندێک وڵاتی عەرەبی هەناردەکردنی نەوتیان بۆ وڵاتانی پشتگیریی ئیسرائیل کەم کردەوە.