لەڕیگەی میکانیزمێکی چاودێریی دارایی کە سەرجەم ئەو پارانەی دەچنە خەزێنەی دەوڵەتی عێڕاق و خەرج دەکرێن، دەخرێنە ژێر وردبینیی چڕەوە.

ئەمڕۆ سۆزان عەبدوڵڵا، سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان ڕایگەیاند, دەستەکەیان دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و ڕۆڵی هۆشداریی پێشوەختە دەگێڕێت لە ڕێگریکردن لە گەندەڵی، ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە چاودێریی تەرخانکردن و سەرپەرشتیکردنی تەمویلی دارایی لە وەزارەتی دارایییەوە بەرەو وەزارەت و پارێزگاکان، لەگەڵ مسۆگەرکردنی باشترین بەکارهێنانی ئەو پارانە و پشکنینی سەرچاوەی سەرجەم ئەو داهاتانەی دەچنە خەزێنەی فیدراڵییەوە.

سەرۆکی دەستەکە ڕوونی کردەوە، هەر دینارێک دەچێتە ناو خەزێنەی عێراق یان لێی دەردەچێت، ڕاستەوخۆ لە ژێر بینین و وردبینیی ئەواندایە، ئەم دەستەیە لە ماوەی کارکردنیاندا چەندین دۆسیەی گەندەڵی و سەرپێچیی تۆمار کردووە و ڕادەستی دەستەی دەستپاکی، دەسەڵاتی دادوەری و دیوانی چاودێریی دارایی کردووە بە مەبەستی لێپرسینەوەی یاسایی لە کەمتەرخەمان و سەرپێچیکاران.

سۆزان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ جۆرە تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتنێک لە نێوان کارەکانی ئەوان و دیوانی چاودێریی داراییدا نییە، بەڵکو تەواوکەری ئەرکەکانی یەکترن و دەستەی دەستپاکیش پانتایی تەواوی بۆ کارکردن هەیە، هەروەها دەستەی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان تاکە دەسەڵاتە لە عێراقدا کە پێش خەرجکردنی پارە سەرپەرشتیی بکات و دوای خەرجکردنیش بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەنجام بدات.

لە دوای ساڵی 2003وە، پرسی گەندەڵی و بەفیڕۆچوونی سامانی گشتی بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەشەی ئابووریی عێراق دادەنرێت و پەرەپێدانی دەستە چاودێرییە سەربەخۆکان هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی بەهەدەردانی داهاتە نیشتمانییەکان.