لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بنبڕکردنی قەیرانی کەمئاوی و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی پاک، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر پێنج پڕۆژەی ستراتیجی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
ئەمڕۆ ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەنگاوە نوێیەکەی حکومەت بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی سنووری سۆران، خەبات، کەلار و کۆیە دەستەبەر دەکات.
ئاری ئەحمەد ئاشکراشی کرد، پڕۆژەیەکی تایبەت بە فراوانکردنی تۆڕی ئاوی قەندیل، پیرمام و شەقڵاوە دەگرێتەوە، بە ئامانجی گێڕانەوەی سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ دۆخی ئاوی ئەو دەڤەرانە، بە جۆرێک لە ئەگەری نەبوونی ئاستەنگی دارایی لە ماوەیەکی نزیکدا دەچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان ڕێگە نەدراوە پلانەکانی ژێرخان پەکیان بکەوێت، سەرجەم نەخشە و لێکۆڵینەوە ئەندازیارییەکانی ئەم پڕۆژانە بە ڕێژەی 100% تەواو کراون، تا لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێویست دەستبەجێ کارەکانیان دەستپێبکات و ئاوی شیاو بگەیەننە ماڵی هاووڵاتییان.
پێشتریش، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئاسایشی ئاودا چەندین پڕۆژەی گەورە بە تێچووی زیاتر لە 1 ترلیۆن و 195 ملیار و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، ئەو دەستپێشخەرییانە ڕۆژانە زیاتر لە 852 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەمدەهێنن و مەترسیی کەمئاوییان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکاندا نەهێشتووە.
وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەڕێمی کوردستان، لە ساڵانی دواییدا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ڕۆژانە دروست کردووە و داڕشتنی پڕۆژەی ستراتیجی بە سەرەکیترین ڕێگەی دەربازبوون لەو قەیرانە دادەنرێت.