داواکاری گشتی ئیمارات وردەکاری لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی فڕۆکە ونبووەکەی فڵای دوبەی بڵاوکردەوە و بە 'کردەوەیەکی تیرۆرستی' ناوزەندی کرد.

 
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئیمارات لە زاری داواکاری گشتی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، لە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێو ئەو فڕۆکەیەی نزیکەی 150 ئیسرائیلی هەڵگرتبوو، دەرکەوتووە کە یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەوانەکە و هەوڵیداوە کۆنتڕۆڵ بگرێتە دەست.
 
 
داواکاری گشتی ئیمارات ئاماژەی بەوەی داوە، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە لەناکاو هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەوانەکە و هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆرستی داوە.

 
پێشتر بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو: ''هێرشبەرەکە مێشکی بە بیری توندڕەوی شۆردراوەتەوە و هەوڵی داوە فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە''.

 
لە میانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: ''پێشبینی دەکەم ئێران دەستی هەبووبێت لەم كاره‌دا بە پشتبەستن بەو شتانەی دەیبیستم، بەڵام ئێمە لە ئێستادا کار لەسەر ئاشکراکردنی ئەوە دەکەین و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەین''.

 
لە 30ی ئەیلوولی 2026 فڕۆکەیەکی فڵای دوبەی  کە نزیکەی 150 سەرنشینی ئیسرائیلی تێدابوو ئاماژەی مەترسی و ڕفاندی ناردبوو، بەهۆیەوە ئیسرائیل دوو فرۆکەی جەنگیی بۆ چاودێریکردنی ڕەوانە کرد.