بەرپرسانی ئەمریکا جێگریکردنی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانتر دەکات و لە نوێترین پێشهاتدا، پرسی هێرشکردنە سەر ئێران و عومانیان تاوتوێ کردووە.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتی لە 'کامپ دەیڤد' بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی "نهێنی" لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئاسایشی نیشتیمانی کردووە.

کۆبوونەوەکە لەبارەی ئێران و عومان بووە، تێیدا هەر یەک لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ، جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی سوپا بەشداربوون.

بەگوێرەی زانیاریەکانی ئەکسیۆس، پرسی ئێران و عومان بە قووڵی تاوتوێ کراون و بریاری یەکلاکەرەوە دراوە، ئەمە لە کاتێکدایە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران بە چەقبەستوویی ماونەتەوە، هاوکات ئەمریکا و سعودیە هەوڵی پەرەسەندنی چالاکی سەربازی لە ناوچەکە دەدەن، ئەمەش لەسەر داوای بەپەلەی بەرپرسانی سعودیەیە، بۆ ئەوەی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەشداری لە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن بکەن لە کەناراوەکانی دەریای سوور.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ساڵی ڕابردوو چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کۆبوونەوەیەکەی نهێنی لەمشێوەیە ئەنجامدرابوو.

دوێنێ هەینی لە ڕاپۆرتێکدا وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشكرای کرد، ئەمریکا هەوڵی فراوانترکردنی هێزی دەریایی لە ناوچەکە دەدات. سێیەم کەشتی فرۆکەهەڵگر و گرووپێکی دیکەی هێزی مارێنزی 9 هەزاری سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات، ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونیان هەیە.