ئەندازیارێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە توانی پەیامێکی نهێنی و کۆدکراوی سەرکردەیەکی سەربازیی ناسراوی فەڕەنسا پاش زیاتر لە دوو سەدە ئاشکرا بکات.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاوی کردەوە، کارتر چێرچ، ئەندازیار لە کۆمپانیای سێنتینێڵ وەن بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی توانی کۆدی نامەیەکی نهێنی و ئاڵۆزی ناپلیۆن بۆناپارت، ئیمپراتۆری پێشووی فەڕەنسا بکاتەوە کە لە ساڵی 1809 بۆ ژەنەراڵ ئۆگست دوو مارمۆن نێردرابوو.
نامە نهێنییەکەی ناپلیۆن لە ڕێگەی ئۆجین، کوڕی بەخێوکراوی ناپلیۆن و جێگری پادشای ئیتاڵیاوە ڕەوانە کرابوو، تێیدا تەنها دێڕی یەکەم بە فەڕەنسیی ئاسایی نووسرابوو و 24 دێڕەکەی دیکە لە ژمارەی دووخانەیی و پیت و هێمای دەستنووس پێکهاتبوون.
بەگوێرەی لێدوانی ئەو ئەندازیارەی نهێنیی ئەم نامەیەی ئاشکرا کرد، بە بەکارهێنانی مۆدێلێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد لە ماوەی 6 کاتژمێردا تەواوی کارەکەی ئەنجام داوە و توانیویەتی کۆدی نامەکە بشکێنێت و مانای هێما و پیتە جیاوازەکان بزانێت.
سیستەمە زیرەکەکە، دەقەکەی بەسەر چەندین بەشدا دابەش کردووە، وێڕای جیاوازیی شێوازی دەستنووسەکان، 175 هێمای سەرەکیی دەستنیشان کردووە و پاشان واتای کۆدە مێژووییەکەی لە وێنەیەکی بەردەستەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.
ناوەڕۆکی نامەکە، پلانە سەربازییە ستراتیژییەکانی سوپای فەڕەنسا و شوێنی هێزە هاوپەیمانەکان ئاشکرا دەکات، لە نامەکەدا، ناپلیۆن داوا لە مارمۆن دەکات لە پێگەی دابڕاوی خۆی لە داڵماسیا ورەی دانەبەزێت و شوێنەکەی بەرنەدات.
ئیمپراتۆری پێشووی فەڕەنسا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هێزەکانی ڕووسیا دژ بە نەمسا دەجووڵێن و سوپایەکی 80 هەزار کەسی لە فریۆلی ئامادەیە، بەمەش نەمسا لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دەدرێت و بەرەو کۆتایی هەنگاو دەنێت.
ناپلیۆن بۆناپارت، لە ساڵی 1769 لە کۆرسیکا لەدایک بووە، لە ساڵی 1799 دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و لە 1804 خۆی بە ئیمپراتۆری فەڕەنسا ناساند، دوای چەندین جەنگ و فراوانکردنی دەسەڵاتی فەڕەنسا لە ئەوروپا، لە ساڵی 1815 لە جەنگی واتەرلۆو شکست هێنا و بۆ دوورگەی سەنت هێلێنا دوور خرایەوە، لەوێش لە ساڵی 1821 کۆچی دوایی کرد.
ئەم جۆرە نامە سەربازییە کۆدکراوانە، لە سەردەمی جەنگەکانی ناپلیۆندا بۆ پاراستنی نەخشە سەربازییەکان بەکار دەهاتن و کردنەوەیان تێڕوانینێکی ڕوونتر لەسەر مێژووی سەربازیی ئەو قۆناغە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی ئاشکرا دەکات.