دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لاپەڕەی فەرمی کەناڵی زووم هاککرا، کەناڵەکە بەهەموو شێوەیەک ڕەتی دەکاتەوە، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی سیاسی پێوە بکرێت.

کەمێک لەمەوبەر کەناڵی ئاسمانیی زووم نیوز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 13 مانگە پەلاماری نووسینگەی سەرەکیی کەناڵەکەیان لە سلێمانی دراوە، کەلوپەلەکانی تاڵان کراون، ستۆدیۆکەی داگیر کراوە و تا ئێستاش هێزی چەکداری تێدایە، بەمەش زیانی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری پێگەیشتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا زووم لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بەردەوام بووە لە گەیاندنی پەیامەکانی، بەڵام بەرەبەیانی هەینی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو کرایە سەر پەڕەکانی (زووم نیوز، زوومی عەرەبی، زوومی بادینی و زوومی وەرزش) و دوای هاککردنیان، داخران.

کەناڵی زووم ڕوونی کردووەتەوە. لە هەفتەی یەکەمی دوای هێرشەکەی ساڵی 2025، بەڵێن بە بەڕێوەبەری زووم و سەنتەری میترۆ درابوو کە کەناڵەکەیان ڕادەست بکرێتەوە، دواتریش لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نزیکەی 20 ڕۆژنامەنووسدا هەمان بەڵێن دووبارە کرایەوە، بەڵام تەنها یەکێک لە نووسینگەکانی زووم، ئەویش بە کەلوپەلی تێکدراو و شکاوەوە ڕادەست کرایەوە، لە کاتێکدا نووسینگەی سەرەکی هێشتا هێزی چەکداری لێیە.

کەناڵەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە. تەنها بە ڕادەستکردنەوەی ستۆدیۆ سەرەکییەکەی، گەڕاندنەوەی کەلوپەلە تاڵانکراوەکانی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەست بە کارەکانی دەکاتەوە، نەک بە پێشنیازی فرۆشتن یان کردنی بە میدیای حزب، کە لە ماوەی ساڵێکدا سێ جار خراوەتە بەردەم بەڕێوەبەری کەناڵەکە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، کە زووم نە ستۆدیۆی ماوە و نە بودجە، بەڵام ئیرادەکەی ناکرێتە ئامرازی سەودا و مامەڵە، هەروەها کڕین و فرۆشتنی سیاسی ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێت بە پێشەییبوونەوە لە سلێمانی درێژە بە کارەکانی بدات ئەگەر ڕووبەرێک بۆ میدیای ئازاد مابێت.