لە ویلایەتی تێنێسی ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوای 200 ساڵ، ئافرەتێک دوای 30 ساڵ زیندانی، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.
پێگەی هەواڵی تێنێسییەن ناشڤیڵ بڵاویکردەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی 'کریستە پایک'ـی 50 ساڵان و پارێزەرەکانی لە دژی پڕۆسەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ویلایەتی تێنێسی و سووکترکردنی سزاکەی، وا بڕیارە ناوبراو دوو ڕۆژی دیکە لە 30-9-2026 لە ڕێگەی دەرزییەکی کوشندەوە لە سێدارە بدرێت.
'کریستە پایک' لە ساڵی 1995 لە تەمەنی 18 ساڵی دا بە تۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەدانی قوتابییەک بە ناوی 'کۆڵین سلێمەر' سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. ناوبراو لە ڕێگەی بۆکس کەتەر (کەتەر مووس) شەش جار گەرووی قوربانییەکەی بڕی بوو، لێی دابوو و مادەی ئاسفاڵت (قیڕ)ـی بەسەر سەریدا ڕژاندبوو.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، 'کریستە پایک' و پارێزەرەکانی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بەهۆی ئەوەی بە منداڵی تووشی ئەشکەنجە و ئازاردان بووەتەوە، بۆیە جێبەجێکردنی بڕیاری لە سێدارەدان لەلایەن کەسێکی بە ڕەگەز 'پیاو' دەبێتە هۆی تراوما (شۆکبوون بەهۆی کارەساتێکی دڵتەزێن). بەڵام سەرجەم داواکارییەکانی لەلایەن دادوەر ڕەتکرانەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەگەر بڕیارەکەی دادوەر جێبەجێ بکرێت، 'کریستە پایک' دەبێتە یەکەم ئافرەت دوای 200 ساڵ لە ویلایەتی تێنێسی لەسێدارە بدرێت. بەگوێرەی زانیاری پێگەی هەواڵی تێنێسییەن، دوایین ئافرەت کە لەم ویلایەتە لە سێدارە درابێت، ئافرەتێکی ڕەشپێستی ناو نەهاتوو بوو لە ساڵی 1819.