عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەروەری کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی ڕاگەیاند.

نوسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و (فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان) ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی "ڕۆژی سەروەری 30ی ئەیلوولی 2026" ڕێکخستبوو، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و قادەی جۆرەکانی سەربازی و ئەمنی بەڕێوەچوو.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بەرهەمی قوربانیدانی گەورە و هەوڵی چەندین ساڵەی هێزە ئەمنییەکان دەچنێتەوە کە توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەمنی و مەیدانی بگرنە دەست.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەفسەران، ڕاهێنەران و ڕاوێژکاران کرد بۆ پاڵپشتییەکانیان.
 

لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا عەلی زەیدی ڕوونی کردەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان مانای ڕاگرتنی جەنگی دژی تیرۆر نییە، بەڵکو گواستنەوەی عێراقە بۆ قۆناغێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی دەگرێتە ئەستۆ.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوە کرد، کە هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تەکنیکی دیجیتاڵی بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش.

لە کۆتاییدا عەلی زەیدی دووپاتی کردەوە. پاراستنی سەرکەوتنەکان ئەرکی سەرجەم لایەنەکانە و بەپێی دەستوور، هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕێگەپێدراو نییە.