دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دڵنیایی دا کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی تۆکمە و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و هێرشێک کە ڕووبەڕووی هەرێم ببێتەوە.

کەمێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی وڵاتانی هاوپەیمانان دەکات بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشیان کردوون لە ڕووبەڕووبوونەوە و شکستپێهێنانی داعش، هاوکات لەگەڵ باشترکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەرکێکی پیرۆز بووە کە هاوپەیمانان هاوکارییان تێدا کردووە و سەرجەم قوربانییەکان و پاڵپشتییەکانیان لەبیر ناکرێن.

مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دۆستاندا نییە، بەڵکو شێوازی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، کلتووری، سیاسی، ئەمنی و سەربازیدا دەکەوێتە قۆناغێکی دیکەوە.

لە بەشێکی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە جۆرێکی دیکە بەردەوام دەبن و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی کاریگەر بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانیان.

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، ڕەنگە زۆرێک لە دوژمن و ناحەزان پێیان وابێت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان مەترسیی زیاتر دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام جەختی کردەوە کە لەگەڵ بەردەوامیی مەترسیی تیرۆر، هەم تواناکانی هێزەکانی عێراق باشترن لە جاران و هەم هێزی پێشمەرگە هێزێکی تۆکمە و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هێرش و مەترسییەک کە ڕووبەڕووی هەرێم بێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەکجاری کۆتایی هات.